ڤیدا چیە
نوسینی هاوبیر كامەران
لەڕەچەلەكەوە وشەی ڤیدا وشەیەكی سانسكرێتیەو بەمانای (زانین-Knowledge) دێت و ڕەگەكەی لە (ڤید)ەوە هاتوە كە مانای (بزانە) دەگەیەنێت . بۆیە ئەم ناوە نراوە لەبەرئەوەی دەستی مرۆڤ دەگرن و تا مەنزڵی ناسینی خودا دەستبەرداری نابن. ڤیدا بەو تێكستانە دەوترێن كە هیندۆسەكان بەتێكستە زۆر پیرۆزەكان ناوزەدی دەكەن .
مەبەستی ئەم تێكستانە ئەوەیە تۆ بگەیەننە مەعریفەو ئاگاییەكی قوڵی وەها تابەهۆیەوە بتوانی هەموو كارما(Karma)كانی ئەم ژیانەو ژیانەكانی پێشتریشت بسوتێنی و بتوانیت بگەیتە ڕەهابوون و ئازادبوون لە هەموو ئەو سنوورو چوارچێوە زهنی و مادیانەی مرۆڤ بۆ خۆی دروست كردوەو لەهەمانكاتدا خۆی كردۆتە دیل و كۆیلەیان. یەكێك لەفەیلەسوفەكان دەربارەی ڤیدا دەلێت" لەبنچینەدا دیدگای هیندی ڕاگیرە لەسەر جۆرێك ئاگایی تایبەت و هەموو ئەحكام و مەزهەبی هیندی خەریكی ئەوەیە ئەم ئاگاییە لەمرۆڤدا پەرە پێبدات ، ئەم ئاگاییە ئەقڵی، هونەری، زانستی، تەكنیكی و تەنانەت ئاگایی ئایدۆلۆژی نیە، بەڵكو جۆرێك رۆشنبینی و دەروونناسی و خودئاگایی فەلسەفی مرۆییە، ئەم ئاگایی و دیدگایە پێی دەوترێت ڤیدا كە دەتوانرێت بە (زانینی پیرۆز)، ڕۆشنایی هەقیقی، عیرفان ، حیكمەت و سۆفیا مانابكرێت" (س 23 ، لا355).
وشەی زانین دەلالەت ناكات لە زانینی زانیاریە گشتیەكان یان فێربوونی فەلسەفەو ئیلاهیات ، بەڵكو ئەم زانینە زانینی پیرۆزە كە لەناو خودی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت . سەرچاوەی ئەم بیروڕایەش ئەوەیە كە ئێمە (واتە مرۆڤ) تەنها ئەم لەشە مادیە نین ، بەڵكوو بوونەوەرێكی فراوانترین لەو بوونەوەرە بچوكەی زانایانی زانست خواز واتە ئەوانەی تەنها باسی لەشی مادی و ئەزموونە مادیەكانیان كردووە ، باسیان كردووین. ئەگەر ئێمە هەموو بوونەوەر نەبین ئەوا بوونەوەر هەموو ئێمەیە هەربۆیە دەبێت ئەوە بزانین كە زانینەكەشمان زانینێكی هەتاهەتایی و بێ سنورەو لەناوەوەی خۆمانەوە هەڵدەقوڵێ بەرەو دەرەوە ، بێ ئەوەی ناوەوەو دەرەوەیەك لە ئارادابێت ، چونكە هەم ناوەوە دەرەوەیەو هەم دەرەوە ناوەوەیە. ڤیدا دەلالەت لەو زانینە ناوەكیە سەرتاپاگیرە دەكات كەخۆی لەخۆیدا پێناسەیەكە بۆ مرۆڤی باڵا یان (بوونی بچوك). ئەمە هۆكاری ئەوەیە كەدكتۆر عەلی شەریعەتی دەڵێت " ڤیدا مەعریفەی ڕاستەقینەیە"(س 23 ، لا355).
هەندێ لە ئیندۆلۆژیستەكان زاراوەی (ئافسانەی ڤیداكان) بەكاردێنن، ئێمە ناكرێت ئەفسانە بەمانای ئەفسانەو خورافە بەكاربهێنین ، چونكە ئەو زەمەنەی ڤیدای تیاوتراوەو كۆكراوەتەوە ، زەمەنێك بووە زمانی زانستی تەنها هێمابووە بۆ ئەوەی ئەو داناییەی بەڕەنج پەیداكراوە بدرێت بە كەسێك كە ڕەنج بدات بۆی . ڤیداكان بەشێوازی هێما نوسراون و ئەو كەسانە دەتوانن بیخوێننەوە كە بەڕاستی هێماكان دەناسن . ئەو هێمایانە ئەفسانە نین ، بەڵكو ڕەمزو سومبوولێكن كە پێویستیان بەتێكۆشانە تا مرۆڤ بتوانێ بیانخوێنێتەوە . ئەمە هۆكاری قورسی و ئالۆزی ڤیداكانە كە وایان كردووە بە ئەفسانە ناوببرێن .
تا نگردی اشنا زین پردە حرفی نشنوی
گوش نامحرم نباشد جای پیغام سروش
ڤیدا مەبەست لەو تێكسگەلەیە كە ڕیشیەكان لەڕێگەی شروتیەوە وەریان گرتووە و نوسیویانەتەوە . ئێستا چوار تێكست لەبەردەستدایە كە هەرچواریان بە ڤیدا بەناوبانگن .كەواتە ڤیداكان بەو چوار تێكستە مەعریفیە دەوترێن كە هیندۆكان كاری لەسەردەكەن و بەردەوام لە ئاشرام و پەرستگەو مەكتەب و بنكە ئایینیەكاندا دەیخوێنن و تەنانەت لەشوێنە زانستیەكانیش پیرۆز ڕایدەگرن و هەموو بەیانی و ئێوارانێك برەهمیەكان لە ئاشرامەكاندا زەمزەمەی دەكەن .
ڤیداكان چوارن و بەپێی گرنگیان لە هیندۆیزمدا ڕیگ ڤیدا (Rig Veda) ، ساماڤیدا (Sama Veda) ، یاجورڤیدا (Yajur Veda) و ئاتەرڤەڤیدان (AtharvaVeda) .
خۆ ئەگەر ڤیداكان بەپێی دابەشكردنی مێژویی پۆلێن بكەین ئەوا بەهەمان پۆلێنی سەرەوە دابەشیان دەكەین واتە سەرەتا ریگ ڤیدا لەلایەن ئاریەكانەوە نوسراو پاشان ساماڤیدا هاتوو دواتر یاجورڤیدا پەیدابوو ، لە كۆتاییشدا ئاتەرڤەڤیدا هات كە دوایین ڤیدایە . دواتریش ئوپانیشادەكان دەركەوتن كە وەكو ڤێدانتا ناوبران واتە تەواوكەری ڤیداكان .
| بۆچوونهکان |
|



