سانكهیا دارشان پێی وایە بوون (Being) لە25 ڕەگەز پێكهاتووە كە ڕەگەزی یەكەمیان پوروشایە . هەندێكی دیكە پێیان وایە سانكهیا باسی لە 24 ڕەگەز كردووە كە ڕەگەزی یەكەمیان پڕاكریتیەو پوروشا بە جیاواز لەڕەگەزەكان دادەنێن و دەڵێن ئەو گەورەترە لەهەر ڕەگەزو پێكهاتەیەكی تر. گرنگ لێرەدا ئەوەیە كە سانكهیا باسی پوروشاو 24 ڕەگەزی دیكەی كردوە كە دابەش دەبنە سەر چوار كۆمەڵە:
1. پوروشا (Purusha)كە نە لەدایكبووەو نە لێی لەدایك دەبێت .
2. پراكریتی(Prakriti)كە لەدایك نەبووەو پێكنەهاتووە، بەڵام پێكدێنێت.
3. ئەڤیكرتی (Avikrtih)كە پێكهاتووەو پێكدێنێ .
4. ڤیكرا (Vikra)كە پێكهاتووە بەڵام پێك ناهێنێ .
لێرەدا ئەمەوێت سەرنجتان ڕاكێشم بۆ بیرورای یەكێك لەفەیلەسوفە ڕۆژئاواییەكان لەسەر بوون ، جان سكۆت (Jean Scot) پێی وایە بوون دابەش دەبێتە سەر چوار كۆمەڵە :
1. دروستكاری دروست نەكراو كە خودایە لە پراكریتیدا.
2. دروستكاری دروستكراو كە مەبەست لێی ئەڤیكرتیە .
3. دروستكراوی نادروستكەر كە هەمان ڤیكرایە ، بەووتەی جان سكۆت هەمان بونەوەرەكانن .
4. نادروستكاری نادروستكەر كە هەمان خودایە لەمەقامی پوروشادا .
ئەمە هەمان دابەشكردنە كە لە سانكهیادا كراوە ، هەربۆیە جان سكۆت دەڵێت: "خودا لەگەڵ دروستكردنی بونەوەردا خۆی دەرخست چونكە بەو نەبێت دەرناكەوێت " .
بەهەرحاڵ بەگشتی ئەو ڕەگەزانەی سانكهیا باسی كردوون بەڕیز ئەمانەی خوارەوەن:
پوروشا (Purusha)
1. پراكریتی (Prakriti) سروشت ، یان هیۆلای یەكەم .
2. ماهات (Mahat) ئەقڵی كەونی.
3. ئاهەمكارا (Ahamkara) ئیگۆ یان منی جیهانی .
4. ماناس (Manas) هەستی هاوبەش یان زهن .
5. شابدا (shabda) هێزی بیستن .
6. سپارشا (Sparsha) هێزی بەركەوتن .
7. ڕوپا (Rupa) هێزی بینین .
8. ڕاسا (Rasa)هێزی چەشتن .
9. گاندها (Gamdha) هێزی بۆن كردن .
10. سراتڕا (Sratra) گوێ .
11. تڤاك (Tvac) پێست .
12. چاكشو (Chakshu) چاو.
13. ڕاسانا (Rasana) زمان .
14. گرانا (Grana) لوت .
15. شابدا (Shabdha) دەنگەژێ .
16. پانی (pani) دەست .
17. پادە (pada) پێ .
18. پڕاستا (Prastha) ئەندامی زاووزێ .
19. پایوو (Payu) كۆم .
20. ئاكاشا (Akasha) فەزا .
21. ڤایوو (Vayu) هەوا .
22. ئاگنی (Agni) ئاگر .
23. ئاپاس (Apas) ئاو .
24. پریتیڤی (Prithivi) خاك .
هەروەها دەتوانین ئەم ڕەگەزانەی پێشتر باسمان كردن بەپێی پێكهاتن و هێزی دروستكردن تیایاندا بەم شێوەیەی خوارەوەش باسیان بكەین :
پوروشا (Purusha)
1. پڕاكریتی (Prakriti)
2. ماهات (Mahat)
3. ئاهەمكارا (Ahamkara)
4. ماناس (Manas)
5-9 ) پانچا تانماترا (Pancha Tanmatra) . پانجا واتە پێنج و تانماترا واتە بوونی تیوار (یان بوونی یەكەمینی شتێك لە ناسكیدا) كە مەبەست ئەو هێزەیە كە هەستەكان دەخاتە كار ، پانچا تانماترا پێكدێن لە :
شابدا (shabda)
سپارشا (Sparsha)
ڕوپا (Rupa)
ڕاسا (Rasa)
گاندها (Gandha)
10-14 ) پانچا جناندریانی (Pancha jnandriyani) پانچا_پێنج ، جنانا_زانین ، ئیندریا_هەست. پێنج جناندریانی ئەو پێنج هەستەن كە دەبنە هۆی وەرگرتنی زانیاری لەدەرەوە بۆ ناوەوەی ئێمە كە پێكدێن لە گوێ و پێست و چاوو زمان و لوت واتە :
سڕاترا (Sratra)
تڤاك (Tvac)
چاكشو (Chakshu)
ڕاسانا (Rasana)
گرانا (Grana)
15-19) پانچاكارمەندریانی (pancha Karmandriyan) كارمەندریانی واتە (ئەندامی كار) و مەبەست لەو شوێنانەیە لە جەستەدا كە زیاتر وەك ئەندامی كار دەناسرێن ، ئەوانیش (دەنگەژێ و دەستەكان و قاچەكان و كۆئەندامی زاووزێ و كۆم)ن و بەسانسكرێتی پێیان دەوترێ :
شابدا (Shabdha)
پانی (pani)
پادە (pada)
پڕاستا (Prastha)
پایوو (Payu)
20-24) پانچا ماهابهوتانی (Pancha Maha Bhutani). ماها واتە گەورە ، بهوتانی واتە ڕەگەزە دروستكارەكان یان ڕەگەزە چڕەكان ، ماهابهوتانی پێكدێت لە :
ئاكاشا (Akasha)
ڤایوو (Vayu)
ئاگنی (Agni)
ئاپاس (Apas)
پریتیڤی (Prithivi).
لەبەر گرنگی باسەكە بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی دروست بوون لە سانكهیاداو چۆنیەتی چارەسەری كێشەكانی نێو دروست بوون ، لە خوارەوە بەكورتی باس لەهەریەك لەم ڕەگەزانە دەكەم...
| بۆچوونهکان |
|



