تەركیز (دهارەنا)
پاتانجالی لە یۆگاسوترا (بەشی ڤیبهوتی پادا، سلۆكای1) دا دەڵێت:"دارەنا هێشتنەی بیرە لەیەك خاڵدا". واتە كاتێك لە هەرشتێكی دیكە دابڕابیت بێجگەلە خاڵی مەبەست و لەوێدا ئاگایی و وردگەریت مایەوە، ئەوكات تۆ لە پلەی دارەنا دایت. وشەی دهارەنا لە دەهریەوە (Dahri) هاتووە كە بەمانای (پایە) دێت چونكە دارەنا پایەی گەیشتنە بە سامادهی.
ئاگایی مرۆڤ چوار باری هەیە تا پلەی ووردگەری، سەرەتا لە باری بیر بڵاویدایە كە بە سانسكرێتی پێی دەوترێت (Kshipta)و كەسەكە تەركیزی بۆ ناكرێت لەسەر هیچ بابەتێك. لەم پلەیەی ئاگایی بەرزتر پلەی (Vikshipa)یە، لەم پلە فكریەدا ماوەماوە تەركیز كۆدەبێتەوەو دەپچڕێت. ئەگەر زهن ڕاهێنانی پێ بكرێت و لەسەر ووردگەری ڕابهێنرێت ئەوا دەچێتە پلەیەكی دیكەوە كە پلەی (Moodha)یە و تیایدا زهن یان بیر دەچێتە پلەی پڕاتیاهاراوەو لەسەر شتێك دەوەستێت. پاش وەستانی زهن لەسەر خاڵێك یان بابەتێك بۆ ماوەیەك ئەوا وردە وردە زهن دەچێتە باری (Ekagra) كە تیایدا بیركۆكراوەتەوە و تەنها یەك بابەت هەیە لەزهنی كەسەكەدا و ئەم حاڵەتە بە حاڵەتی دارەنا ناسراوە واتە (تەنها بوون لەگەڵ بابەتدا). لە یۆگادا چەندجۆر وردگەری (دهیانا) هەیە لەوانە:
وردگەری و تێڕامان لەسەر بوون (Bahyakasha) واتە تێڕامان و سەرنجدان لە ئەستێرەو ئاسمانەكان و بۆشایی. هەروەها وردگەری لەسەر تاریكی بەرامبەر چاوەكان بەداخراوی (Cittakasha Dharana)و وردگەری لەسەر دڵ (Haridaya kashadharana).

لە ڕاجایۆگای تانترایشدا دەتوانرێت لەسەر ڕەگەزە پێكهێنەرەكانی بوون وردگەری كۆبكەیتەوەو دیقەتیان بدەیت كە ڕەگەزی بۆشایی (ئاكاشا_ Akasha)، هەوا (ڤایو-Vayu)، ئاگر(ئاگنی-Agni)، ئاو (ئاپاس -Apas) و خاك (پریتیڤی-Prithivi). بەگشتی یۆگیەكان گری مۆم و خاچ و خاڵی ڕەش لەسەر پەرەیەكی سپی و شیڤا لینگا و (ین و یانگ)ی چینی و ئاوێنەو بلورو مانگ و مانترای ئوم و نێوان برۆكان و سەری لوت بەكاردەهێنن بۆ تەركیزی چاو و تۆش دەتوانیت سودیان لێ ببینیت.
| بۆچوونهکان |
|



